تبلیغات
"بزرگترین منبع اطلاع رسانی کردستان"

جه‌مشید: پڕۆژەیەکم لە کوردستان هەیە

تاریخ ارسال مطلب : 28 اردیبهشت 91, 07:48 ب.ظ

جه‌مشید: پڕۆژەیەکم لە کوردستان هەیە بۆ دروستکردنى سوپەرستارى کورد باشترین گەنج هەڵدەبژێرم و خۆشم ئەلبوومى بۆ دەکەم




جەمشید یەکەم هونەرمەندى کوردە هاوڕێى نزیکى هونەرمەندە فارسەکانە، وەک خۆیشى دەڵێ هەر بەبرادەرایەتى هونەرمەندە فارسەکانى هێنا بۆئەوەى لەکوردستان کۆنسێرت ئەنجام بدەن، کە دواترینیان کۆنسێرتەکەى “ئومێد و سپێدە و مەنسور” بوو، کە بەبۆنەى نەورۆز لەپارکى شاندەر لەشارى هەولێر بەخۆڕایى ئەنجامدرا. لەبەرئەوە ئیستا جەمشید پێى وایە “ئەو تاکە سەفیرى کوردە لەناو موزیک و گۆرانى فارسى”. جەمشید لەم چاوپێکەوتنەى لەگەڵ (سڤیل) ئاشکرایکرد لەهاوینى ئەمساڵدا ئەلبوومە نوێیەکەى بڵاودەبێتەوە، کە چوار گۆرانى کوردى لەخۆدەگرێت.
سڤیل: سەردانى ئەمجارەت بۆ کوردستان تەنیا بۆ بەشداریکردن بوو لەم کۆنسێرتەى کە بۆ هونەرمەندانى فارس ئومێد و مەنسور و سپێدە لەهەولێر ئەنجامدرا؟ ......

ادامه متن در ادامه مطلب

جەمشید: هەم بۆ نەورۆز و بەشداریکردن لەم کۆنسێرتەى کە کرا هەمیش خزموکارى خۆم لەئێرانەوە هاتن بۆ کوردستان بۆ نەورۆزکردن.
سڤیل: چۆن بوو ئەم کۆنسێرتەى ئەمجارە بەخۆڕایى بۆ خەڵک کرا؟
جەمشید: لەبەرئەوەى جەماوەرێکى زۆر هاتبوو لەهیچ شوێنێک نەماندەتوانى شوێنیان بکەینەوە، وەزارەتى گەشتوگوزار و پارێزگارى هەولێر خۆیان پارەکەى هونەرمەندەکانیان دا بۆئەوەى ئەو گەشتیارانەى کە هاتوون بۆ هەولێر خۆش بگوزەرێنن، چونکە لەوانەیە هەموو ئەو میوانانەى کە هاتوون بۆ کوردستان تواناى پارەدانى بلیتیان نەبێت.
سڤیل: بۆچى ئێستا وەک جاران بەرهەمت نییە، هەم کلیپ هەمیش ئەلبووم؟
جەمشید: دوو مانگ لەمەوپێش کلیپێکى نوێم بڵاوکرایەوە، سێ ساڵە خەریکى ئەلبوومێکم، چونکە کارى ئەلبووم ئیشى زۆر دەوێت، ئێستا 20 گۆرانى نوێم دروستکردووە کاتێک ئەلبووم دەکەم کە 10 یاخود 12 گۆرانى پێکدێت دەبێ باشترین لەم گۆرانیانە هەڵبژێرم لەرووى کوالێتى و میوزیک و هەموو رووەکانى تر، چەند مانگێکى تر ئەلبوومەکەم تەواو دەکەم، لەئایندەییەکى نزیک کلیپەکانم تەواو دەبێ ئەمساڵ ئەلبووم و کلیپەکانم بڵاودەکەمەوە، ئەمجارە چوار گۆرانى کوردى تێدایە، هەروەها لەگەڵ سوپەرستارێکى باش خەریکە دوێت ئەنجام دەدەم.
سڤیل: ئەى بۆچى تائێستا لەگەڵ گۆرانیبێژێکى کورد دوێت نەکردووە، ئەوە لەپڕۆژەتدا هەیە؟
جەمشید: بۆچى نا.. زۆر پێم خۆشە لەگەڵ گۆرانیبێژێکى کورد دوێت بکەم ئەگەر لەرووى دەنگ و نۆتە لێکنزیک بووین، ئینشاڵڵا ئەگەر لەداهاتوودا قسمەت بێت بتوانم کارێکى وا بکەم، دوو ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ کچێکى کوردى مەهاباد بەناوى “باران” پێکەوە گۆرانییەکى فارسیمان گوت، کە ئێستا ئەو کچە لەوڵاتى کەنەدایە، ئەم گۆرانییە لەکەناڵى pmc زوو زوو پەخش دەکرێ، لەرێگەى منەوە ناوبانگى دەرکرد و ئێستا لەناو جەماوەرى فارس خەڵکێکى زۆر دەیناسێت، ئێستاش خەریکە ئەلبوومى خۆى دروست دەکات و خۆشم هاوکارییم کرد.. پلانێکم هەیە ئینشاڵڵا ئەگەر لەکوردستان مامەوە لەجێگایەک کە بتوانم گەنجەکان کۆبکەمەوە و باشترینیان هەڵبژێرم و خۆى ئەلبوومەکەى بۆ بکەم و سپۆنسەرى دەکەم، خۆشم گۆرانییەکانى بۆ ئامادە دەکەم، هەم بەکوردى هەمیش بەفارسى.. پێم خۆشە یەک دوو گۆرانیبێژى باش وەک سوپەرستارێک دروست بکەم.
سڤیل: لێرە کە باسى جەمشید دەکەن دەگوترێ فارسەکە، تۆ ئەوە بۆچى دەگەڕێنیەوە؟
جەمشید: لەتەواوى دنیا دەزانن جەمشید کوردە و منداڵى سنەیە، جەمشید تەنیا کەسێکە لەناو مۆسیقا و گۆرانى فارسى سەفیرى کوردە، ئەگەر من هەر بەکوردى گۆرانى بڵێم هەر لەکوردستان گوێم لێدەگرن و فارس نازانێ جەمشید کێیە! من کاتێک دەتوانم خزمەتێک بەمۆسیقاى کوردى بکەم ئەویش ئەوە کە بتوانم بچمە شوێنێکەوە کە جەماوەرى زۆر بێت، ئێمە هەر لەماڵى خۆمان بڵێین کوردین کەس گوێمان لێ ناگرێ، ئەگەر بڕۆینە دەرەوە کوردى بخوێنى ئەوە گرنگە، کاتێک بردمە ئەبرئەول ئاوزن 12 کەسى فارسى تێدایە گۆرانى کوردى بخوێنى باشترە یاخود لەتەنیا لەکوردستانەوە بخوێنى.
سڤیل: کاتێک ئەو هونەرمەندە فارسانە داوەتى کوردستان دەکرێن لەرووى ئاستى جەماوەر و کارى هونەرى جیاوازن، بەڵام پێکەوە لەکۆنسێرتێک داوەت دەکرێن، هەست ناکەى ئەوە هەڵەیە، بۆ نموونە کۆنسێرتەکەى ئێبى و لەیلا فروهەر.. جەماوەریان جیاواز بوو و پلەى هونەریشیان جیاواز بوو، مەبەستم ئەوەیە خۆت دەستنیشانیان دەکەى یاخود کۆمپانیاکە؟
جەمشید: وایە کاتێک دوو کۆرانیبێژ دێنى پێویستە جەماوەرەکانیان جیاواز نەبن، بەڵام لەمیوزیکدا کاتێک گۆرانیبێژێکى پیاو کە گۆرانیبێژێکى کچى لەگەڵدا بێت کە ئەویش جەماوەرێکى هەیە خراپ نییە، راستە هەر هونەرمەندێک جەماوەر و ستایلى جیاوازى هەیە، بەڵام ئێمە ویستوومانە ئەو کۆنسێرتانەى لەکوردستان دەیکەین رەنگین بێت، خەڵک لە کامەی پێخۆشە دەتوانێ بەشدارى لەکۆنسێرتەکە بکات، ئیشى من کۆنسێرتکردن نەبوو، من وەک سەفەرى کورد هاتمەوە کوردستان مەبەستم ئەوە بوو رێگایەک بدۆزمەوە کوردستان بەخەڵکانى بێگانە بناسێنم و کوردستان پێشکەوتوو بێت و کەلتوورى تر بێتە ناو کوردستانەوە. هەر ئێرانییەک بێتە ناو کوردستان و بگەڕێتەوە سەفیرێکى کوردستانە لەهەر جێگایەک دانیشێ باسى کوردستان دەکات.
ئەم کۆنسێرتەى کە کرا کۆمپانیاى “بابلیۆن” بەکارەکە هەڵسا و گشت کارەکانى ئەنجامدا، من بەناونیشانى هونەرمەندێک تەنیا بەشداریم کرد و لەبەرئەوەى گۆرانیبێژەکان برادەرى منن داوایان لێدەکەم بێن لەکوردستان کۆنسێرت بکەن… بەڵێ بۆ وەڵامى پرسیارەکەت من گۆرانیبێژەکان دەستنیشان دەکەم.
سڤیل: بۆچى لەزۆربەى ئەم کۆنسێرتانەى لەکوردستان دەکرێ شەڕ روودەدات، لەم کۆنسێرتەى ئێوەش روویدا، ئەوە بۆ بێبەرنامەى ئێوە دەگەڕێتەوە یاخود حکومەت و ئاسایش؟
جەمشید: نا لەبەر بێبەرنامەى نییە، ئەو جێگایەى کۆنسێرتى تێدا دەکرێ دەبێ شوێنى کۆنسێرت بێت. رێگاى هونەرمەند و خەڵک و کەناڵەکان جیاواز بێت، بەداخەوە لەکوردستان جێگاى کۆنسێرتمان نییە، ئەوەى کە هەیە پرۆفیشناڵ نییە، ئینشاڵڵا لەداهاتوودا حکومەت یاخود کۆمپانیاکان بتوانن شوێنى کۆنسێرت دروست بکەن.
سەبارەت بە شەڕ بابزانى تەنیا لەکوردستان شەڕ نییە، لەتەواوى دنیا لەکۆنسێرت شەڕ هەر دەبێ، کابرا مەشروب دەخواتەوە و دێتە کۆنسێرت، ئەوە کێشە نییە، بەڵام کێشە شوێنەکەیە، ئەگەر شوێنێکى باش هەبێت بۆ کۆنسێرت تەواوى خەڵکەکە دانیشێت شەڕ روونادات.
سڤیل: هێنانى ئەم گۆرانیبێژە فارسانە بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت؟
جەمشید: ئینشاڵڵا.. من پێم خۆشە خزمەت بکەم، هەر کەسێک قسە بکات کێشە نییە، گرنگ گەنجەکان خۆش بگوزەرێنن و شایى و خۆشى بێت، دەبێتە هۆى ئەوەى چەندین بزنس بێنە ناو کوردستانەوە ئەوە سوودەکەیەتى.
سڤیل: بەڵام خەڵکانێک هەیە پێیان وایە جەمشید لەهێنانى ئەم گۆرانیبێژانە بۆ کوردستان قازانجى زۆرى مادى دەکات، تۆ رات چییە؟
جەمشید: ئەگەر ئەو کەسانە توانیان لەکوردستان ئەم جۆرە کۆنسێرتانە بکات چەند پارە دەدەن بەم گۆرانیبێژانەى کە دەیانهێنن من دوو هێندە پارەیان پێدەدەم، یەکەم شت لەکوردستان هیچ کەس بلیت ناکرێ هیچ کۆمپانیایەک سپۆنسەرى ناکات، ئێمە لەکۆنسێرتى گوگوش من و بابلیۆن زەرەرێکى زۆر قورسمان کرد، تائێستا لەیەک کۆنسێرت قازانجمان نەکردووە، بەڵام گەنجێک دەپرسێ کاک جەمشید ئەمساڵ کام گۆرانیبێژ دێنن کۆنسێرت بکات ئەگەر بڵێم کەس ناهێنین پێم ناخۆشە، حەزدەکەم خۆشحاڵى بکەم و دیارى پێبدەم، ئەگەرنا ئەم کۆنسێرتانە بۆ من جگە لەزەحمەتى و شلۆقى هیچى ترى تێدا نییە، ئەگەر لەکۆنسێرت سپۆنسەر نەبێ لەتەواوى دنیا وایە ئەم کۆنسێرتە زەرەر دێنێ.
ئێستا ئەبو زەبى مادۆنایان داوەتکردووە بەیەک کۆنسێرت لەشەوێک بە پێنج ملیۆن دۆلار لەنیو سەعات 22 هەزار دانە بلیت فرۆشرا دانەى بە 200 دۆلار و 150 دۆلار، دەى باشە هەر زەرەرە، بەڵام کۆمپانیاى گەورە سپۆنسەرى کردووە کە ناهێڵى زەرەر بێنێ، 8 هەزار کۆمپانیا لەکوردستان هەیە یەک کۆمپانیا نییە سپۆنسەرى بکات، هەتا بۆ بەرنامەى خێریش سپۆنسەرى ناکەن.
سڤیل: راى سپێدە و مەنسوور و ئومێد دواى کۆنسێرتەکە چۆن بوو لەبارەى کوردستان و خەڵکەکە و شێوازى بەڕێوەبەردنى کۆنسێرتەکە؟
جەمشید: رایان زۆر باشە، لەبەرئەوەى هەموویان برادەرمن، کاتێک پێکەوە دادەنیشین خۆیان مەدحى کوردستان دەکەن کە لە هەشت ساڵ کوردستان چەندێک پێشکەوتوو بووە، شتێک دەڵێن کاتێک دێینە ناو کوردستان وادەزانین لە ئێرانین، ئەوەندە هەست بەئاراحەتى دەکەن، سروشتى کوردستان و تەبیعاتى خەڵکى کوردستان و میهرەبانى کورد. ئەوە بۆ من زۆر گرنکە کاتێک وایان دەگوت. لەچاوپێکەوتنەکانیان زۆر باسى جوانى کوردستانیان کردووە، ئەوانە هەر یەکێکیان ئێستا سەفەرى کوردستانن. لەسەرەتاوە کە دەمگوت وەرەن بۆ کوردستان دەیانگوت کوردستان شارە، وایاندەزانى کێو و دەشتە، ئێستا کوردستان و هەولێر بەناوى گەورە ناو دەبەن، ناڵێن دەچین بۆ عێراق دەڵێن بۆ کوردستان، سەرەتا من داوام دەکرد بێنە کوردستان ئێستا ئەوان داوام لێدەکەن بیانهێنم بۆ کوردستان، ئەوە بۆ من زۆر گرنگە.
سڤیل: سوپاس بۆ تۆ، ئێمە پرسیارێکمان نەما؟
جەمشید: زۆر سوپاست دەکەم زانا گیان، من زۆر چاوپێکەوتن ناکەم، بەڵام تۆ ماشاڵڵا ئەوەندە رۆژنامەنووسێکى باشى بەهەر جۆرێک بێت توانیت بەقسەم بێنى لەسەر مێز دانیشین چاوپێکەوتن بکەین.. هەروەها رێزم بۆ هەموو خەڵکى بەشەرەفى کوردستان هەیە، بۆ هەموو گەنجان و هەوادارانم، هەموویانم خۆشدەوێت، ئینشاڵڵا بتوانم ئەلبوومێکى باش بەرهەم بێنم بەچەند زاراوەیەکى کوردى وەک دیارى بۆ ئەوانەى حەزیان لەدەنگى منە.





banner

درباره ما


ایجاد کننده وبلاگ : Oº°‘¨ Diman.M ¨‘°ºO

این صفحه را به اشتراک بگذارید

آمار بازدید
کل بازدید ها :
بازدید امروز :
بازدید دیروز :
بازدید این ماه :
بازدید ماه قبل :
تعداد نویسندگان :
تعداد کل مطالب :
آخرین بروز رسانی :

banner 200x600
نظر سنجی

:::مایلید فعالیت مان را در چه زمینه ای بیشتر کنیم ::::



کلمات کلیدی